Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 15:57

ئەو هاووڵاتییە فەرەنسی - ئەڵمانییەی لە ئێران زیندانی بوو ئازاد کرا

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند، لێنارت مۆنترلۆسی تەمەن 19 ساڵ، کە هاووڵاتییەکی فەرەنسی - ئەڵمانی بوو و لە ئێران زیندانی کرابوو، ئازاد کراوە و گەیشتووەتەوە فەرەنسا. ناوبراو لە مانگی حوزەیراندا بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کرابوو.

ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ئازادکردنی لێنارت مۆنترلۆسی، هاووڵاتیی تەمەن 19 ساڵانی فەرەنسی - ئەڵمانیی لە زیندانی ئێران ڕاگەیاند.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لێنارت مۆنترلۆس ئازاد کرا".

ئەم پاسکیلسوارە لە مانگی حوزەیران و لە سێیەم ڕۆژی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستگیر کرا. دوو ڕۆژ پێش ئێستا، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاندبوو، لێنارت مۆنترلۆس لە تۆمەتی سیخوڕی بێتاوان دەرچووە.

دوو هاووڵاتیی دیکەی فەرەنسییش لە ئێران زیندانین: سیسیل کۆهلەری تەمەن 40 ساڵ و ژاک پاریسی تەمەن 72 ساڵ، کە لە مانگی ئایاری 2022ـەوە بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کراون.

پێشتر وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هیوای خواستبوو، لە چەند هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییانی نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازی کردبوو، مەهدییە ئەسفەندیاری، هاووڵاتیی ئێرانی کە لە فەرەنسا زیندانییە، ئاڵوگۆڕ بکرێت. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، مەهدییە ئەسفەندیاری بەهۆی بڵاوکردنەوەی پەیامی پشتگیری لە فەڵەستینییەکان لە هەژماری تێلیگرامەکەیدا، لە دەوروبەری پاریس دەستگیر کراوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.