وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەروازەی هاوردەکردنی تەماتە و پیاز دەکاتەوە بە مەبەستی دابەزینی نرخی ئەو دوو بەرهەمە لە بازاڕەکان، دەڵێت بەرهەمی ناوخۆیی کەمە و بەش ناکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی ئەیلوول، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی کەمی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری نرخی بازاڕ، دەروازەی هاوردەکردنی هەردوو بەرهەمی تەماتە و پیاز دەکاتەوە.
بڕیارەکە لە 15ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم هەنگاوەی وەزارەت بەهۆی نیگەرانی هاووڵاتییانە لە بەرزبوونەوەی نرخی تەماتە و پیاز لە بازاڕەکانی عێراقدا.
بەرپرسانی وەزارەت جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم بڕیارە کاتییە و بە ئامانجی ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خستنەڕوو و خواست لە بازاڕدا گیراوەتەبەر، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هاووڵاتییان بتوانن بە نرخێکی گونجاو دەستیان بەم دوو بەرهەمە سەرەکییە بگات.
لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی تەماتە و 43 جۆر بەرهەمی دیكەی كشتوكاڵی و ئاژەڵی راگەیاندبوو وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران و هەروەها بۆ پارێزگاریكردن لە بەرهەمی ناوخۆ لە بازاڕەكاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.