وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەنگۆی كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی پۆلیس و سوپا بڵاو كردەوە و تێیدا هەواڵەكەی بە ناڕاست و بێ بنەما وەسف كرد.
وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ماوەی چەند رۆژێكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەنگۆ و هەواڵی نیازی كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی پۆلیس و سوپا بڵاو دەكرێتەوە، لێرەدا رایدەگەیەنین كە ئەم دەنگۆ و هەواڵانە بە تەواوی دوورن لە راستییەوە.
راشیگەیاند: تا ئێستا هیچ بڕیار و رێنماییەك سەبارەت بە كەمكردنەوەی مووچەی هێزەكانی پۆلیس و سوپا لەلایەن هیچ لایەنێكی حكوومی نەدراوە، بڵاوكردنەوەی ئەم دەنگۆیانەش تەنیا بۆ دروستكردنی پشێوی و دڵەڕاوكێی هاووڵاتییانە.
وەزارەتی دارایی عێراق جەختیشی كردەوە كە مووچە بەپێی یاسا دیاریكراوە و مافێكی یاسایی مووچەخۆرانە، بۆیە هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی مووچە كەم بكاتەوە یاخود بڕیار لەسەر دواخستنی بدات.
داواشی لە هاووڵاتییان كرد بۆ وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری تەنیا پشت بە لایەنە فەرمییەكان ببەستن و دووربكەونەوە لە دەنگۆی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.