ئەندامانی پەرلەمای ئێران پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای پارە و بانکی ئەم وڵاتە بۆ لادانی چوار سفر لەسەر دراوی نیشتمانییان پەسند کرد.
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەندامانی پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی پێشنیارکراوی حکوومەتیان بۆ لادانی چوار سفر لەسەر دراوی نیشتمانیی ئەم وڵاتە پەسند کرد.
بە پێی ئەم پڕۆژەیاسایە، مادەی 58ی یاسای بانکی ناوەندیی ئێران کە دەڵێت: "یەکەی دراوی کۆماری ئیسلامیی ئیران ریاڵە" بەم شێوەیە گۆڕاوە: "یەکەی دراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران ریاڵە کە بەرابەرە لەگەڵ 10 هەزار ریاڵی ئێستا و هاوتایە لەگەڵ 100 قڕان".
لە بڕگەیەک خراوەتە سەر یاسای بانکی ناوەندیی ئێران، ئاماژە بەوە کراوە، لە پاش قۆناغێکی ڕاگوزەر کە لانیزۆر سێ ساڵ دەخایەنێت، ریاڵی ئێستا بە تەواوی لە بازرگانییەکان لادەدرێت و ریاڵی نوێ جێگیر دەکرێت.
بانکی ناوەندیی ئێرانیش ڕاسپێردراوە بە لانی زۆر لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەم یاسایە جێبەجێ بکات و دەستپێکردنی قۆناغی ڕاگوزەر ڕابگەیەنێت.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە بە هۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانەوە، دراوی نیشتمانیی ئێران بێبەهاترین دراوی جیهانە و بەهای یەک دۆلاری ئەمریکا لە بازاڕی دراوی ئێران گەیشتووەتە سەرووی 118000 تمەن کە بەرابەرە لەگەڵ ملیۆنێک و سەد و هەشتا هەزار ریاڵی ئێران.
جیا لە ئێران، هەر یەک لە وڵاتانی عوممان، سعوودیە، قەتەر و یەمەنیش یەکەی دراوەکەیان ریاڵە. لە کاتی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئیراندا، ریاڵی ئێران لە پاش ریاڵی عوممان، بەهێزترین دراوی ناوچەکە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.