ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند "ئەگەر دوژمنان ڕێگا نەدەن نەوت بفرۆشین، ئێمە ڕێگا بەوان نادەین بە گەرووی هومرزدا تێپەڕن".
یەعقووب ڕەزازادە رایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئیران یەکێک لە گەورەترین هەناردەکارانی نەوت لە جیهاندایە و ئەگەر نەتوانێ نەوت هەناردە بکات کاردانەوەی توندی دەبێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانە جەختیشی کردەوە، پرسی بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی و پلانی بەرگریی ئێران دانوستان هەڵناگرێت.
لە حەفتەی ڕابردوودا بە چالاکبوونەوەی میکانیسمی سناپ باک، گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا گەڕاونەتەوە سەر ئێران و هاوکاتیش هەریەک لە بریتانیا و کانادا و ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆی نوێیان خستووەتە سەر ئەم وڵاتە.
حکوومەتی ئەمریکا رایگەیاندووە ئامانجی ئەوەیە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفر و لەم ڕێگایەشەوە سەرچاوە داراییەکانی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی و پشتیوانی لە میلیشیاکانی ناوچەکە وشک بکات.
ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی کردووە کە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییەکانی جیهانە و 25٪ی کۆی نەوتی هەناردەکراوی جیهان بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕێت کە ئەمەش 80٪ی نەوتی وڵاتانی کەنداو و زیاتر لە 40٪ی کۆی ئەو نەوتەیە بە کەشتی و لە ڕێگای دەریاوە هەناردە دەکرێت و هەر جۆرە داخستنێکی، دەتوانێ بازاڕی وزەی جیهان تووشی قەیرانی گەورە بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.