Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 08:38

هاتوچۆی دهۆک هۆشداری دەداتە بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دهۆک، چەند ڕێنماییەک ئاراستەی بەربژێر و لایەنە سیاسییەکان دەکات و هۆشداری دەدات لە هەڵواسینی پۆستەر لەسەر تابلۆکانی هاتوچۆ، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بۆ بانگەشە و داخستنی شەقامەکان.

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای دهۆک، لە ڕاگەیێندراوێکدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، کە لە کاتی بانگەشەدا پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن.

گرنگترین ڕێنماییەکان:

• نابێت وێنە و پۆستەری بەربژێران بە ستوونی ترافیک و هێماکانی هاتوچۆوە هەڵبواسرێت.

• نابێت وێنەی گەورە لە نزیک فلکە و سەر شۆستەکان دابنرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی بینین بۆ شۆفێران.

• پێویستە پۆستەرە گەورەکان بە باشی بچەسپێندرێن بۆ ئەوەی بەهۆی بایەوە مەترسی لەسەر گیانی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێلەکان دروست نەکەن.

• نابێت لە کاتی بانگەشەدا ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەکاربهێندرێت.

• نابێت هیچ شەقام و کۆڵانێک بگیرێت، چونکە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ، بەتایبەتی بۆ ئەمبوڵانس و حاڵەتی فریاکەوتن.

• قەدەغەیە پۆستەر بە جام و تابلۆ و دەرگای ئۆتۆمبێلەکانەوە هەڵبواسرێت.

• هەر لایەنێک ئۆتۆمبێلی بەکرێگیراو یان سلنگ بەکاربهێنێت، پێویستە پێشوەختە مۆڵەت لە هاتوچۆی دهۆک وەربگرێت.

لە کۆتایی راگەێیندراوەکەدا، هاتوچۆی دهۆک داوا لە شۆفێران دەکات بانگەشەی هەڵبژاردن نەکەنە دەرفەتێک بۆ ئەنجامدانی سەرپێچی و هۆشداری دەدات، هەرکەسێک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.