کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو و چوار کەس بریندار دەکات و کەسێکیش دەکوژێت بەگوێرەی زانیارییەکان یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەرکووک کراوە.
ئەمڕۆ شەممە 4ـی کانوونی یەکەم، لە قەزای خورماتوو، سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، شەڕە تەقەیەک لە نزیک نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ڕوویدا. بەهۆی ئەم ڕووداوەوە کەسێک کوژرا و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دوانیان کوردن و دووانی دیکە عەرەبن و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی خورماتوو چارەسەر وەردەگرن.
عەلی فەلاح، بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی خورماتوو، بە محەمەد ساڵح پەیامنێری کوردستان تیڤی، ڕایگەیاند: "تەرمێک و چوار بریندار گەیهندرانه بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان و دەرکەوت بەهۆی شەڕەتەقەوە سەرجەمیان بریندارکراون. یەکێک لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەرکووک کراوه."
ڕووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، بەو شێوەیەی کەسێک بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە هەڵیکوتاوەتەسەر نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕی دراو. بەو هۆیەشەوە شەڕە تەقە ڕوویداوە و سەرەنجام خاوەنی نووسینگەکە و سێ هاووڵاتی برینداربوون و هاووڵاتییەکی دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکە کوژراوە.
ناوبراو گوتیشی، "هاووڵاتییە کوژراو و بریندارەکان پەیوەندییان بە کێشە کۆمەڵایەتییەکەوە نەبووە و لە کاتی تەقەکردنەکەدا پێکراون."
تەقەکەرەکە توانیویەتی لە خورماتوو هەڵبێت و خۆی بگەیەنێتە شاری کەرکوک. لەوێش هێزە ئەمنییەکان هەوڵیانداوە دەستگیری بکەن، بەڵام ئامادەنەبووە خۆی ڕادەستبکات و ڕووبەڕوویان بووەتەوە. بەو هۆیەشەوە دوای گەمارۆدان توانرا دەستگیربکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.