ئێوارەی ئەمڕۆ 100 لاوی کورد کە لە کوردانی چوار پارچەی کوردستان و چەند لاوێکی ئەوروپی پێک هاتوون، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و حەوت ڕۆژ لە کوردستان دەمێننەوە.
قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی ڕایگەیاند، گرووپێکی 100 کەسی کە لە لاوانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان و چەندین لاوی ئەڵمانی، هۆڵەندی، بەلجیکی، نەمساوی و نەرویجی پێک هاتوون، لە ڕێگەی فیدراسیۆنی لاوانی سەر بە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
قارەمان عوسمان ئاماژەی بەوەش کرد زۆربەی ئەو لاوانە ئەندامی ئەو فیدراسیۆنەن و خاوەنی بڕوانامەی بەرزن و تێیاندا هەیە پاڵێوراون بۆ شارەوانییەکانی ئەڵمانیا و هێندێکیش پاڵوێراون بۆ پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا.
ئەم شاندە بە دوو فڕۆکە دەگەنە هەرێمی کوردستان. گرووپی یەکەم کاتژمێر 4:25 و گرووپی دووهەمیش کاتژمێر 4:45 دەگەنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بە فەرمی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.
ئەم لاوانە لە 1 تا 8ـی تشرینی یەکەم لە کوردستان دەمێننەوە و سەردانی چەندین شوێنی هەرێمی کوردستان دەکەن لەوانەش ناوشاری هەولێر و شوێنەوارە مێژووییەکانی هەولێر، سروشت و ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، مەزاری نەمران و مۆنیۆمێنتی شەهیدانی بارزان، پەرلەمانی کوردستان، پەرستگەی لالەش، زانکۆی سەلاحەدیین و ... هەروەها لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبی و حکوومی لە کوردستان چەند دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.
بۆ ئاگاداربوون لە وردەکارییەکانی سەردانی ئەم لاوانە ئەم فایلە دابگرە
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.