ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتیی ئێرانی دیپۆرت کردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا بووە لەگەڵ تاران. بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە لە ئەمریکاوە بەڕێکەوتووە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بگاتە ئێران.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ـی ئەیلوول، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا نزیکەی 100 هاووڵاتیی ئێرانی لەسەر فڕۆکەیەک لە ئەمریکاوە دیپۆرتی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە زانیارییەکانی لە زاری دوو بەرپرسی ئێرانیی بەشدار لە دانوستاندنەکان و بەرپرسێکی ئەمریکی ئاگادار لە پرسەکەوە گواستووەتەوە.
بەرپرسە ئێرانییەکان ڕایانگەیاندووە، فڕۆکەیەکی بەکرێگیراوی ئەمریکی ڕۆژی دووشەممە لە ویلایەتی لویزیاناوە بەڕێکەوتووە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕێگەی قەتەرەوە بگاتە ئێران.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی ئێرانییەکان و هۆکاری هەوڵدانیان بۆ کۆچکردن بۆ ئەمریکا ڕوون نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.