Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 06:24

شۆڕشێک لە زانستی خۆراکدا: تیژی یاساکانی دابەزاندنی کێش دەگۆڕێت

کوردستان TV
100%

توێژینەوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، زیادکردنی بڕێکی کەم لە بەهاراتی تیژ بۆ ژەمە خۆراکییەکان، ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو خۆراکەی کەسێک دەیخوات و بەم شێوەیەش کالۆرییەکانی کەم دەکاتەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیەی لەلایەن تیمێکی توێژینەوە لە زانکۆی پێنسیلڤانیای ئەمریکی ئەنجام دراوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە بیبەری تیژ و بەهاراتە هاوشێوەکان، کاریگەرییان لەسەر بڕی ئەو خۆراکە هەیە کە تاک لە هەر ژەمێکدا دەیخوات.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستی "کوالێتی خۆراک و باشتربوونی" بڵاوکراوەتەوە و تایبەتە بە زانستەکانی خۆراک، جەختی لەوە کردووەتەوە ژەمە بەهاراتدارەکان وا لە کەسەکە دەکەن بڕی ئەو خۆراکەی دەیخوات و ئەو کالۆرییانەی وەریان دەگرێت کەم بکاتەوە.

توێژەر بیگ کانینگهام، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە دەڵێت: "دەزانین کاتێک کەسێک هێواش خۆراک دەخوات، بڕێکی کەمتر دەخوات." لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی "سایتێک دەیلی" کە تایبەتە بە توێژینەوە زانستییەکان، وتیشی: "پێمان وایە ژەمە تیژەکان وا لە کەسەکە دەکەن هێواشتر بخوات و ئێمە تاقیکردنەوەیەکی زانستیمان ئەنجام داوە بۆ دڵنیابوونەوە لەم گریمانەیە."

تاقیکردنەوەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی ژەمە خۆراکی بەهاراتدار بە ڕێژەی جیاواز لە بیبەری تیژ بە کۆمەڵێک خۆبەخش، لەگەڵ پێوانەکردنی بڕی ئەو خۆراکەی هەر خۆبەخشێک دەیخوات، لەگەڵ پاراستنی تامی گشتیی ژەمەکە.

لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوت زیادکردنی بڕی بەهاراتی تیژ کاریگەریی لەسەر خێرایی خواردنی ژەمەکە و کەمکردنەوەی بڕی خۆراک و کالۆرییەکان هەیە کە هەر خۆبەخشێک دەیانخوات.

کانینگهام ڕوونی کردەوە، بەشداربووان لە تاقیکردنەوەکەدا خواردنی تیژیان بە ڕێژەیەکی هێواشتر دەخوارد، واتە ماوەیەکی درێژتر خواردنەکەیان لە دەمیاندا دەهێشتەوە، ئەمەش یارمەتیدەرە لە دروستکردنی هەستێکی پڕی و تێربوون، کە وایان لێ دەکات بڕێکی کەمتر خۆراک بخۆن.

توێژەر جۆن هایز، پڕۆفیسۆری زانستەکانی خۆراک و یەکێک لە بەشداربووان لە توێژینەوەکەدا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئەنجامانە "ئاماژە بە ئەگەری بەکارهێنانی بیبەری تیژ دەکەن وەک ستراتیژێک بۆ کەمکردنەوەی کێشەی زۆرخۆری."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.