Erbil 31°C سێشەممە 21 تەمووز 09:18

پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لە غەزە بڵاو دەكرێتەوە

کوردستان TV
100%

كۆشكی سپی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای ئاشكرا كرد بۆ راگەیاندنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كۆتاییهێنان بە جەنگ لە كەرتی غەزە.

پلانەكە بەشێوەیەكی گشتی لە 20 خاڵ پێكهاتووە، بەگوێرەی پلانەكە غەزە دەبێتە ناوچەیەكی تەواو پارێزراو لە توندڕەوی و تیرۆر، نابێتە هەڕەشە بۆ دراوسێكانی، شارەكە بۆ خەڵكی رەسەن ئاوەدان دەكرێتەوە كە ماوەیەكی دوور و درێژە ئازاری تێدا دەچێژن.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئەمشەو دووشەممە رەزامەندییان لەسەر پلانەكە دەربڕی.

لە پلانەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە حكوومەتێكی كاتی كاربەڕێكەر لە غەزە پێكدەهێنرێت و لەلایەن لیژنەیەك دوور لە سیاسەت بەڕێوە دەبرێت، كاری سەرەكی لیژنەكە بەڕێوەبردنی شارەكە دەبێت لە رووی ئیداری و خزمەتگوزارییەوە. لە بەرامبەردا هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت دانیشتووانی غەزە ناچار جێهێشتنی شارەكەیان باكات و بەهیچ شێوەیەكیش رێگە نادرێت ئیسرائیل دەستبەسەر شارەكەدا بگرێت.

تۆپەكە ئێستا لە گۆرەپانی بزووتنەوەی حەماسە و ئەگەر ئەویش لەسەر پلانەكە رەزامەند بێت، دەبێت لە ماوەی 72 كاتژمێردا سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكرێن، جەنگ رادەگیرێت و سوپای ئیسرائیل لە سەرجەم بەرەكانی جەنگ دەكشێتەوە.

هەر بەپێی پلانەكە ئیسرائیل 250 گیراوی فەڵەستینی ئازاد دەكات كە سزای هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، جگە لەوەش 1700 خەڵكی دانیشتووانی غەزەش ئازاد دەكات كە لە ساڵی 2023ـەوە بە تۆمەتی جیاواز دەستگیر كراون.

لە پلانەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە بڕیاری لێبوردنی گشتیی بۆ بەرپرس و ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس دەردەكرێ و دەتوانن بە ئاشتی لە غەزە بمێننەوە و ژیان بەسەر ببەن، هەر بەرپرسێكیش ئارەزوو بكات دەتوانێت بچێتە دەرەوەی وڵات و ئیسرائیل ڕێڕەوی سەلامەتیان بۆ دەكاتەوە.

دوای راگەیاندنی رێككەوتن لەسەر پلانەكە، راستەوخۆ رێگە بە گەیشتنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ غەزە دەدرێت، دواتر بە چەند قۆناغێك دەست بە ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەكرێت.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.