بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یادی 1700 ساڵەی رێککەوتنی نقییە لە هەولێر بەرز راگیرا.
ئەمڕۆ شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوون و بەشداری کردنی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسی ئەکادیمی ساڵیادی نیقیە بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئاشتی و پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکان و رایگەیاند: حکوومەت بەردەوام دەبێت لە چەسپاندنی بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و تەبایی و دۆستایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان.
هەروەها سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم گوتی: دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ کوردستان و سوپاسی ئەمریکا دەکەم کە رۆڵێکی گرنگیان گێرا لە سەرخستنی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.
دەقی گوتاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
قەداسەتی پاتریارك مار ئاوا
قەداسەتی پاتریارك لویس ساكۆ
کەسایەتییە ئاینییە بەڕێزەکان لە هەموو ئایین و ئایینزاکانی کوردستان
مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆ و كەسایەتییە ئەكادیمییەكان،
میوانە بەڕێزەكان، بە تایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات تەشریفیان هێناوە،
هەمووتان زۆر زۆر بەخێربێن
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم و لەم بۆنە گرنگەدا بەشداریتان لەگەڵ دەكەم. بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم كە لە هەولێری پایتەختی بەیەكەوەژیان، پایتەختی هەرێمی كوردستان، هەموومان بەیەكەوە لێرە كۆبووینەتەوە.
خۆشحاڵم کە ئەم کۆنفرانسە زانستییە گرنگە لە هەولێر، بە بەشداری ئەو ژمارە زۆرە لە کەسایەتییە ئایینیە باڵاکان ئەنجام دەدرێت . دەستخۆشیتان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم و ئومێدەوارم، دەرەنجام و ڕاسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە، لە خزمەتی بەهێزترکردنی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و پتەوکردنی بنەماکانی ئاشتی و تەبایی و برایەتی نێوان سەرجەم پێکهاتەکاندا بێت.
بەڕێزان:
دەتوانم بە شانازییەوە بڵێم کە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە ، یەکێکە لە تایبەتمەندی و سیما گەشەکانی کۆمەڵگەی کوردستان . بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئەم کولتوورە پێویستی بە پتەوکردنی زیاتر و دەوڵەمەندکردن و بەهێزترکردنە کە ئەرکی هەر هەموومانە لەم پێناوەدا، هەرچی پێمان بکرێت ئەنجامی بدەین . بە تایبەتیش ڕوو لە کەسایەتیی و مامۆستایانی ئایینی بەڕێزی هەموو ئایین و ئایینزاکان دەکەم، کە لەم ڕووەوە ڕۆڵ و ئەرک و بەرپرسیاریەتی گرنگ و کارای خۆیان بگێڕن و بەهاو بنەما باڵاکانی خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لە نێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا بەهێزتر و قووڵتر بکەنەوە. لەم پێناوەشدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و تەبایی و دۆستایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردستان.
ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندین و باوەڕی تەواومان بە پاراستن و داکۆکیکردن لە هەمەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و کولتووریی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا، بەردەوامین لە پاڵپشتیکردن و پاراستنی زمانی سریانی، زمانی کلدان و ئاشووری و ئارامی، ئەو زمانەی حەزرەتی عیسای مەسیح ( د.خ) قسەی پێ دەکرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیريی و هونەری سریانییەوە، پشتیوانی لە خوێندنی زمانی سریانی دەکات و ئێستا پەنجا قوتابخانەی تایبەت بە زمانی سریانی لە هەرێمی کوردستان هەن کە هەزاران قوتابی بەم زمانە کۆن و دێرینە دەخوێنن. هەروەها ساڵی ڕابردووش، بە پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە هەولێر بەڕێوە چوو.
جیا لەمەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینيەوە، هاوشان لەگەڵ گرنگیدان بە مزگەوتەکان و پەرستگە و شوێنی پیرۆزی هەموو ئایینەکان، هاوکاری و پشتیوانی کەنیسەکانیش دەکات و بە خۆشحاڵییەوە لێرەدا ڕایدەگەیەنین کە بەم زووانە، چوار کەنیسەی نوێ لە هەولێر و دهۆک دەکرێنەوە.
هەروەها بەهاری ئەمساڵ بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و لە دەستپێشخەرییەکی ناوازەدا، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی و بە بەشداری سەدان کەسایەتیی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهان، ڕۆژی نزای نیشتمانیی لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە هیوادارین وەک نەریتێکی ساڵانە، ئەم گردبوونەوەیە لە پێناو بەهێزکردنی بەهاکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئازادی ئایینی، لە هەولێر ئەنجام بدرێت .
ئەم کارنامە و پڕۆژە و دەستپێشخەریانە، دووپاتکردنەوەیە لەوەی کوردستان نیشتمانی هەموومانە و وەک چۆن پێکهاتەکانی کوردستان ، بەیەکەوە، دووچاری ستەم و زۆرداری و داگیرکاری بوونەوە، ئەمڕۆش بەیەکەوەین لە پێناو بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و پێشخستنی نیشتمانەکەمان.
من دەمەوێ لێرە ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ و ڕووداوێكی مێژوویی بدەم كە ئەم چەند رۆژە بینیمان، دوای دوو سێ ساڵێك لە وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بازاڕەكانی دەرەوە، جارێكی تر ئەمڕۆ، ئەم بەیانییە، نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ماركێتی جیهانی هەناردەكرایەوە، كە ئەم ڕێككەوتنە لەگەڵ حكوومەتی فیدرالی دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەموو خەڵكی عێراق، بە تایبەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان. من دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسایەتییانە و ئەو لایەنانە دەكەم كە ڕۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، لێرەدا حەز دەكەم بە تایبەتی ئاماژە بدەم بە رۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا چ لە واشنتن و چ باڵیۆزیان لە بەغدا یان كونسوڵی گشتیان لێرە لە هەولێر كە بەڕاستی پاڵپشتی گەورەبوون بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.
جارێكی تر هیوادارم كە ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆكاری پێشخستنی ژێرخانی ئابووری و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتیاندا بێت.
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم و دڵنیاتان دەکەمەوە کە هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە مەڵبەندێکی درەوشاوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانە وئازادی ئایینی و یەکترقبوڵکردن و برایەتی و تەبایی دەبێت.
هەر شاد و سەرکەوتوو بن و خودای مەزن کوردستان بپارێزێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.