مێرمنداڵێکی تەمەن 17 ساڵ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی شاری سلێمانی، لە نهۆمی 16ـی باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا. مێرمنداڵەکە میوانی ماڵی خزمێکیان بووە.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری خێرای 122ـی سلێمانی بە کوردستان تیڤی راگەیاند: کەمێک پێش ئێستا، لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، مێرمنداڵێک لە باڵەخانەیەکی بەرز کەوتە خوارەوە.
زیاتر گوتی: "ڕووداوەکە لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی میران سیتی بووە و مێرمنداڵەکە کە تەمەنی 17 ساڵە، لە نهۆمی 16ـی یەکێک لە شوقەکان، بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ دایکی خۆی خستووەتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە".
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، مێرمنداڵەکە بە میوانداری لە ماڵی خزمێکیان بووە کاتێک ڕووداوەکە ڕوویداوە.
سامان نادر ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاکەوتن و پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکەیان بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواستووەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.