بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاگر لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت کەوتەوە و تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە و نەخۆشەکانی نێو نەخۆشخانەکەش بە سەلامەتی گواستراونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی، 26ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 02:33 خولەک، لە ڕێگەی ژووری ئۆپەراسیۆنەوە ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی ئاگرێک لە نەخۆشخانەی ژینی تایبەت.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، دەستبەجێ تیمی بنکەی ڕزگاری جووڵەیان پێکراوە و لە ماوەی چوار خولەکدا گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە. دواتر تیمەکانی بنکەکانی (شەهید نەریمان، شۆڕش، ڕزگارکردن، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا)ش بەشدارییان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا کردووە.
بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند، "لەم ڕووداوەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانی ماددی بەر نەخۆشخانەکە کەوتووە".
بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی گەیشتنی خێرای تیمەکان و لێهاتوویی ئەفسەر و کارمەندەکان، توانراوە بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشانەی لەنێو نەخۆشخانەکەدا بوون، بە سەلامەتی بۆ شوێنێکی ئارام بگوازرێنەوە و لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەش، تیمی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.