ئهمڕۆ پێنجشهممه له پارێزگای ههولێر كۆبوونهوهیهكی گرنگ لهبارهی كهناڵی كۆڕنیشی ههولێر بهڕێوهچوو كه بریار وایه له ئایندهیهكی نزیكدا بكرێته پڕۆژهیهكی گهشتیاری و ئابووری گرنگ بۆ جوانتر كردنی سیمای شاری ههولێر و بایهخدان به ژینگه.
ئەمڕۆ پێجشەممە 2025.9.25، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر و لایهنه پهیوهندیدارهكان لە دیوانی پارێزگا، بەمەبەستی ڕێکخستنەوە و جوانترکردنی سیمایی شار و بونیاتنانی ژێرخانی گەشتیاری و ئابووری و هێنانەوەی سروشتی جوان بۆ ناو شار، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ كۆمپانیای "كەی وەن" و چەند ئەندازیارێكی وڵاتی ئیتاڵیا ، سەبارەت بە پڕۆژەی دیزاینکردن و پەرەپێدانی کەناڵی کۆڕنیشی هەولێر و پڕ ئاوكردنی وەك پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی ئەنجامدرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی كرد، بۆ هەموو ئەو پڕۆژە و كارانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر سەرباری قۆناخی سەختی دارایی ئەنجامدراون و توانرا بە هۆیانەوە ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی زۆر بگات بە شاری هەولێر و هاوڵاتییان.
پاشان تیشکی خستەسەر پلان و بەرنامە و ئامانجی حكوومەتی هەرێم و پارێزگای هەولێر بۆ ئەوهی لە داهاتووەكی نزیكدا كۆڕنیش بكرێت بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی سەرنجڕاكێش و لە زێی گەورەوە ئاوی بۆ رابكێشرێت و لە رێگەی دروستكردنی سێ دەریاچە و چەند پۆندێكەوە دوای ئاو كۆكردنەوە تێیاندا، بە بەردەوامی ئاو بگەیێنرێت بە كۆڕنیش.
هاوكات جەختی لەوەش كردەوە، پێویستە پڕۆژەكە بە شێوەیەك بێت، لە ڕووی ژینگەیی و گەشتیارییەوە سوودی زۆر بە ناوچەكە و دانیشتووانی شاری هەولێر بگەێنێت و سروشت بگەڕێتەوە بۆ ناو شار و سیمایەكی جوان بە پایتەختی هەرێمی كوردستان بدات.
بڕیار وایه، وهك دەستپێكی جێبەجێكردنی پڕۆژەكە له قۆناخی یەكەم لە شەقامی ( هەولێر- شەقڵاوە ) تاكو شەقامی ( هەولێر- مەخموور )، لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی جێگری پارێزگار بۆ كاروباری هونەری و ئەندامیەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دیزاینكردن و دیراسەكردنی وردی تێچوو و پێویستیەكانی پێكبهێنرێت.
پارێزگاری ههولێر راشیگهیاند: ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ سەنتەری شاری هەولێر و بە ئەنجامدانی پایتەختی هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە. لەوبارەیەشەوە تەواوی هاریكاری و پاڵپشتی خۆی دووپاتكردەوە.
جێگەی باسە، كۆڕنیشی هەولێر، كە ڕێڕەوێكی ئاوییە لەساڵی 1972 بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو دروستكراوە، زیاتر لە وەرزی زستان ئاوی تێدا كۆدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە ئاوەڕۆی بەشێك لە گەڕەكەكان و پاشماوەی ماڵان و خۆڵ خاشاك، بۆنێكی ناخۆشی دروست كردووه و بووەتە هۆی بێزاریی خەڵك، لە ئێستادا پلانی پارێزگای هەولێر ئەوەیە دیمەنەكە پێچەوانە بكاتەوە و بیكات بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری.


کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.