وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند بەرنامەی سەرۆک ترەمپ ئەوەیە بەرهەمهێنانی وزە لە جیهاندا زیاد بکات و هەر بۆیەش حەز دەکەن نەوت و غازی زیاتر لە کوردستان بەرهەم بێت.
رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوولی 2025، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە وڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان تیڤی سەبارەت بە ڕێککەوتنی کۆمپانیاکانی وزەی ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێمە حەز دەکەین کەرتی نەوت و غاز لە کوردستان زیاتر پەرەی پێ بدرێت لەبەر ئەوەی بازاڕێک هەیە بۆ دەرهێنانی و ئەوە زۆر یارمەتیدەرە بۆ خەڵکی کوردستان و یارمەتیدەرە بۆ ئەمریکا و هەموو جیهانیش".
وەزیری وزەی ئەمریکا گوتیشی: "ئەو کات کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمریکا بوو توانیم چاوم پێی بکەوێت. کوردستان یەدەگێکی زۆری هەیە و کۆمپانیا ئەمریکاییەکان لەوێن".
کریس رایت ئاماژەی بەوەش کرد: "بەرنامەی سەرۆک ترەمپ و ئیدارەکەی ئەوەیە کە وزەی زیاتر دۆخی هەمووان باشتر دەکات و وا دەکات تێچووەکان کەم ببنەوە و ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات کاری زیاتر بکەن". گوتیشی: " ئێمە گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوت و گازی سروشتین، بۆیە زۆرمان هەیە بۆ فرۆشتن لە هەموو شوێنێک. بەڵام ئێمەش دڵخۆشین بە هاوکاری لەگەڵ ئەوانی دیکە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و غازی زیاتر لەو وڵاتانە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.