Erbil 31°C ھەینی 17 تەمووز 00:27

سەرۆککۆماری عێراق: بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ڕەت دەکەینەوە

کوردستان TV
100%

سەرۆککۆماری عێراق لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سیاسەتەکانی عێراق بەرانبەر بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان لە عێراق و ناوچەکەی خستە ڕوو  و جەختیشی کردەوە عێراق بەکارهێنانی ئاسمانەکەی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە پێشێلکردنی سەروەریی خۆی دەزانێت و ڕەتی دەکاتەوە.

لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە هەشتایەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد "عێراق بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە بەکارهێنانی نایاسایی ئاسمانی خۆی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە نێوان لایەنە ناکۆکەکانی ناوچەکەدا ڕەت دەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری و هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکە و ژیانی هاوڵاتییان"؛  داواشی لە هەموو لایەنەکان کرد ڕێز لە سەروەریی عێراق بگرن.

بو گوتەی لەتیف ڕەشید: عێراق دۆخی سروشتیی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ دراوسێکانی گەڕاندووتەوە و ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی خولی لوتکەی عەرەبی و گرووپی ٧٧ و چین دەکات، جگە لە ڕۆڵی کارای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکاندا.

لەتیف ڕەشید گوتیشی ئامادەکاری دەکەین بۆ ئەنجامدانی شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان لە چەند هەفتەی داهاتوودا، بۆ بەردەوامیدان بە پڕۆسەی گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات و بنیاتنانی دامەزراوە دەستوورییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد عێراق دەرفەتی وەبەرهێنانی گرنگ لە پڕۆژەکانی ئاو و کارەبا و ژێرخانی ئابووریدا دەڕەخسێنێت و داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد بێنە ناو هاوبەشییە بەرهەمدارەکانەوە لەگەڵ عێراق.

سەرۆککۆماری عێراق بە ئاماژەکردن بەوەی عێراق بە پشتیوانیی دۆستان توانی سەرکەوتن بەسەر مەترسیدارترین هەڕەشەی تیرۆریستیدا بەدەست بهێنێت کە جیهان بەخۆیەوە بینیوێتی جەختی کردەوە "ئەمڕۆ هەوڵ دەدەین بە پشتبەستن بە یەکڕیزیی گەلەکەمان و پلانە گەشەپێدانەکان بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی ڕابردوو، هەموو شوێنەوارەکانی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستی بسڕینەوە".

سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەسەر پابەندبوونی عێراق بە پشتیوانیکردنی لە سەقامگیریی سوریا و یەکپارچەیی خاکی و ڕێگریکردن لە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر سەروەرییەکەی کردەوە و گوتیشی: "چاوەڕوانی هاوکارییەکی بەرهەمدار لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەکەین لە سێکتەرە جیاوازەکاندا و زیادکردنی هاوبەشی لە هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، و داوا لە حکومەتی سوریا دەکەین کە ڕێز لە فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بگرێت لە نێوان پێکهاتەکانی گەلی سوریا".

گوتیشی: " پێشوازی لە هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەین بۆ دەستپێکردنەوە و سەرکەوتنی گفتوگۆ لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک کە مافەکانی ئێران لە پەرەپێدانی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئاشتیانەدا مسۆگەر بکات بە شێوەیەک کە لەگەڵ پەیماننامە و پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت".

لەتیف ڕەشید ئاماژەی بەوەش کرد: " عێراق جەخت لەسەر پشتیوانی تەواوی خۆی دەکاتەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و دەستپێشخەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ دەستبەرداربوون لە چەکەکانیان و چاوەڕوانی دامەزراندنی چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی دەکەین کە ڕێگە بە کاری سیاسی ئاشتیانە بدات بۆ هەمووان لە تورکیا".

سەرۆککۆماری عێراق جەختی لە داواکاریی عێراق بۆ داماڵینی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەکی کۆمەڵکوژ کردەوە لەگەڵ داننان بە مافی هەموو وڵاتان لە پەرەپێدانی بەکارهێنانی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی، و چاودێری نێودەوڵەتی هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ناوچەکە بگرێتەوە، لەوانەش دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.