شەوی ڕابردوو لە نێوان پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان و چوار ڕاوچی کە بە شێوەی نایاسایی خەریکی ڕاوکردن بوون، تەقە و پێکدادان هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا یەکێک لە ڕاوچییەکان دەستبەسەر کرا و سێ ڕاوچیی دیکەش هەڵاتوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2025، بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بڵاوی کردەوە، دوێنێ شەو بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی کفری ئاگادار کراونەتەوە لەوەی چەند کەسێک خەریکی ڕاوکردنی نایاسایین، هەر بۆ ئەم مەبەستە مەفرەزەیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی نەوجوڵ ڕەوانەی گوندی دووڕاجی کرا.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی نەوجوڵ ئاماژەیان بەوە کرد، کاتێک دەگەنە شوێنی دیاریکراو، تۆمەتباران تەقەیان لێ دەکەن و ئەمانیش وەڵامیان دەدەنەوە، تاوەکوو تایەی ئۆتۆمبێلی یەکێک لە تاوانباران دەتەقێنن و دەتوانن دەستبەسەری بکەن.
پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: سێ تۆمەتباری دیکە هەڵاتوون و فەرمانی گرتن بۆ سێ تۆمەتبارەکە دەرکراوە، هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوەکە کراوەتەوە و بەگوێرەی ڕێکارە یاساییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.