بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەکی گرنگی ئاراستەی ماتۆڕسواران کرد، کە مەرجەکانی مۆڵەت، کەرەستەی خۆپارێزی و پابەندبوون بە یاساکان لەخۆدەگرێت. هاتوچۆ جەخت دەکاتەوە، بێ چاوپۆشی مامەڵە لەگەڵ سەرپێچیکاراندا دەکات.
رۆژی سێشەممە 23ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا چەند رێنماییەکی بۆ ماتۆڕسواران بڵاوکردەوە و داوایان لێ دەکات پابەند بن بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتییانی دیکە.
هاتوچۆی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ماتۆڕسوار هەڵگری مۆڵەتی شۆفێری بێت و ماتۆڕەکەشی بە فەرمی تۆمارکرابێت. هەروەها بەکارهێنانی کڵاوی سەرپارێز بە کوالێتیی بەرز بە پێویستییەکی سەرەکی دادەنێت، لەگەڵ کەرەستەکانی دیکەی خۆپارێزی وەک دەستکێش و پارێزەری ئەژنۆ و ئەنیشک.
لە راگەیێندراوەکە داوا لە ماتۆڕسواران دەکات پابەندی یاساکانی هاتوچۆ بن، لەوانە وەستان لە ترافیک لایت، پابەندبوون بە خێرایی دیاریکراو، بەکارنەهێنانی مۆبایل و دوورکەوتنەوە لە سەرکێشی. هەروەها جەخت لەسەر نەهێشتنی دەنگی بەرزی ساڵۆنسا (ئاگزۆز) کراوەتەوە.
هاتوچۆی هەرێم ئاماژەی بەوەش کردووە، لە وەرزی خوێندندا پێویستە ماتۆڕسواران بە ئارامی و بە خێراییەکی کەم لە نزیک ناوەندەکانی خوێندن شۆفێری بکەن. هەروەها لە کاتی کەشوهەوای نالەباردا، بە وریایی زیاترەوە شۆفێری بکەن.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستاندا، بێ چاوپۆشیکردن لێپرسینەوە لە هەر سەرپێچیکارێک دەکەن و بەوپەڕی بایەخەوە دەڕواننە سەلامەتیی سەروماڵی هاونیشتمانیان".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.