سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە وێندی گرین، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە کردەوە.
لەلایەن خۆیەوە، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی ستراتیجیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و پشتیوانیی وڵاتەکەشی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە پرسی نەوت و بودجە بوو، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا دەستپێبکاتەوە و حکوومەتی فیدراڵیش، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.