حکوومەتی ترەمپ بڕیاری داوە ئەو شاندە ئێرانییەی بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرک دەکەن، بۆیان نییە کەلوپەلی گرانبەرها لە فرۆشگە بەناوبانگەکانی ئەم شارە بکڕن.
ئاژانسی ئاسۆشێتێد پرێس رایگەیاند بە پێی بڕیارێکی حکوومەتی ئەمریکا کە ئەم حەفەتەیە لە ڕۆژنامەی فیدراڵ رێجیستێر بڵاو دەبێتەوە، ئەندامەتیی دیپلۆماتیک لە فرۆشگە گەورەکانی ئەمریکا و کڕینی کەلوپەلی گرانبەها وەک کاتژمێر، خشڵ، جانتای دەستی، جزدان، بۆن، تەماکوو و ئوتۆمبێل لە لایەن شاندە دیپلۆماسییەکانەوە، پێویستیی بە ڕەزامەندیی حکوومەتی ئەمریکا هەیە.
لەم نێوەدا تاکە شاندێک کە لە لایەن حکوومەتی ترەمپەوە بۆ ئەم مەبەستە سنووردار کراوە شاندی ئێرانییە.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو شاندە ئێرانییانەی سەردانی نیۆیۆرکیان دەکرد، دەیانتوانی لە فرۆشگە گەورەکانی ئەمریکا وەک کاستکۆ، بەشێکی زۆر لەو کەلوپەلانەی لە ناو وڵاتی خۆیان دەست ناکەوێ، بە نرخێکی هەرزان بکڕن و ڕەوانەی ئێرانی بکەن.
لە کاتێکدا کە ڕێبەرانی جیهان ئەم حەفتەیە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک کۆ دەبنەوە، ئەو بڕیارەی ترەمپ هەموو ئەو دیپلۆماتکارە ئێرانییانەش دەگرێتەوە کە لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتیی ئێران دەکەن و بە درێژایی ساڵەکە لە ئەمریکا دەمێننەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.