ئەمڕۆ ئێوارە لە گوندێكی سنووری پارێزگای كەركووك ژمارەیەك چەكداری داعش بینراون، دوای ئەوە هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق گەیشتوونەتە شوێنەكە بە مەبەستی دەستگیركردنیان.
پەیامنێری (كوردستان تیڤی) لە كەركووك پێی راگەیاندین: ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كاتژمێر 6:30 لە نزیك گۆڕستانی شێخ عارەبت لەنێوان گوندی بیبانی گەورە و گوندی بیبانی بچووك لە شارەدێی شوان لە سنووری پارێزگای كەركووك ژمارەیەك چەكداری داعش بینراون.
راشیگەیاند: دوای هاتنی چەكدارەكانی داعش، هێزێكی دژەتیرۆری عێراق گەیشتوونەتە شوێنەكە و كێوماڵی سنوورەكەیان دەستپێكردووە بە مەبەستی دەستگیركردنیان.
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا كە تا ئێستا چەكدارەكان دەستگیرنەكراون و هێزەكەی عێراقیش لە شوێنەكە ماونەتەوە.
كەركووك / هەڵۆ جەباری
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.