لە دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیارنامەی لادانی هەمیشەیی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێرانی پەسند نەکرد، بەهای دراوی ئێران بەردەوام رووی لە دابەزینە و ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕی دراوی ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد.
راگەیاندنەکانی ئێران بڵاویان کردەوە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕی دراوی ئێران گەیشتە 106 هەزار و 260 تەمەن و ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا.
پاش بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش چاوەڕێ دەکرێ بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی چالاککردنی میکانیزمی سناپ بەک، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا، سەرجەم ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی دوای واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1، بە بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر ئێران لادرابوون، بگەڕێنەوە سەر ئەم وڵاتە. ئەمەش ئابووریی ئەم وڵاتەی ناسەقامگیر کردووە.
بە پێی بڕیارنامەی 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەگەر تا کۆتایی مانگی ئەیلوولی 2025، هەرکام لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی ڕایبگەیەننن کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی ڕێککەوتننامەکە نەبووە، لە پڕۆسەیەکی یەک مانگەدا سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و شەش بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەگەڕێنەوە سەر ئەم وڵاتە.
سێ وڵاتی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا کە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیدا بەشدار بوون، لە کۆتایی مانگی ئاب داوایان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، میکانیسمی سناپ بەک بۆ گەڕانەوەی گەمارۆکانی سەر ئێران چالاک بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.