سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کوردستان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر، هەنگاوێکی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزکردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەکەمان."
دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان
بەبۆنەی پەنجا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە کوردستان دەکەم.
دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان لەسەر ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر هەنگاوێکی مێژوویی بوو بە ئاراستەی بەهێزکردنی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەکەمان. ئەم بڕیارە جەختکردنەوە بوو لەسەر پێگەی مامۆستایان و گەورەزانایانی کوردی ئایینی ئیسلام لە بڵاوکردنەوەی تێگەیشتنی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و پێکەوەژیان لەناو چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە و ڕۆڵیان لە بەرەوپێشەوەبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە گشت قۆناغەکاندا.
لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان هیوای سەرکەوتن بۆ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی بەڕێز دەخوازم و دەستخۆشی لە ماندووبوون و ئەرکە پیرۆزەکەیان دەکەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموولایەکمان بێت.
مسعود بارزانی
21ی ئەیلوولی 2025
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.