سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری زاخۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەتی منداڵانی کردەوە و لە وتەیەکدا جەختی کردەوە دەبێ ئەو کەسانەی سەردانی نەخۆشخانە دەکەن، خزمەتێکی باشیان بکرێت و بۆ ئەوەی چیدیکە پێویست نەبێت بۆ چارەسەر بەرەو شوێنێکی دیکە بچن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025 مەسرور بارزانی لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پاش ئەوەی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا، نەخۆشخانەی منداڵانای زاخۆی کردەوە و لە وتەیەکدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لەم سەردانەیدا چەند پڕۆژەیەک و یەک لەوان نەخۆشخانەی منداڵانی زاخۆ دەکاتەوە و گەتی ئەم نەخۆشخانەیە "ئەمڕۆ دەکەوێتە کار و دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و بە تایبەت خەڵکی شاری زاخۆی خۆشەویست".
سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کرد بۆ ئەم دەسکەوتە و جەختی کردەوە "بێگومان حکوومەت بەردەوام پشتیوان دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانە کە بۆ هەموو کەس پێویستن، دابین بکرێت".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "خۆشحاڵم ئەم نەخۆشخانەیە لە ئاستێکی باشدا جێبەجێ کراوە، هیوادارم کەس پێویستی بەوە نەبێ بێتە نەخۆشخانە بەڵام ئەگەر هاتن هیوام ئەوەیە لێرە خزمەتێکی باشی نەخۆشەکان بکرێت، بە تایبەت منداڵانی ئازیزی ئێمە، بۆ ئەوەی چیدیکە پێویستیان بەوە نەبێت بەرەو جێیەکی دیکە بچن و ئەوەی پێویستە لە بواری تەندروستی و چارەسەری لێرە بۆیان بکرێت".
سەرۆکی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەمووئەو دوکتۆر و پەرستارانەی کرد لەم نەخۆشخانەیە کار دەکەن و هیوای خواست "کوردستانی ئێمە بەردەوام بەرەو ڕۆژی خۆشتر و ئاوەدانیی زیاتر بچێت".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.