Erbil 31°C پێنجشەممە 16 تەمووز 10:15

مەسرور بارزانی: پێویستە بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێک لە سیستەمی پەروەردەی قوتابخانەکان

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە وتەیەکدا، داوای لە مامۆستایان و دایک و باوکان کرد بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێک لە سیستەمی پەروەردە لە قوتابخانە و لە هەر ماڵێکدا

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە قوتابخانەی دمدمی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

سەرۆکی حکومەت لە ڕێوڕەسمی لێدانی یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە وتەیەکدا سوپاسی هەموو ئەو مامۆستا نیشتمانپەروەرانەی کرد کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ناخۆشی و بێمووچەیی، لە خزمەتکردن بەردەوام بوون و قەت ڕێگایان نەداوە قوتابییان لە خوێندن بێبەش بن. گوتیشی ئەم مامۆستایانە نموونەی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەرن. هیواشی خواست بە زوویی ئەم قەیرانانە کۆتاییان پێ بێت و ئەو کێشانە نەمێنن. جەختیشی کردەوە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوان دەبین و ئەو زەحمەتانەیان قەرەبوو دەکەینەوە.

سەرۆکی حکومەت بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، پیرۆزبایی لە خەڵکی زاخۆ کرد و ڕایگەیاند بە ماندوو بوونی خەڵک و بەرپرسانی زاخۆ ئەم شارە پێشکەوتنێکی باشی بەخۆوە بینیوە. ئاماژەی بەوەش کرد زاخۆ هەموو کات پێشەنگ بووە لە نیشتمانپەروەری و خەبات و قارەمانی زۆری لێ هەڵکەوتووە.

مەسرور بارزانی گوتیشی "دەستی ئاوەدانی لە زاخۆ دیارە و لە هەموو عێراق و ناوچەکە سەیری پێشکەوتنەکانی زاخۆ دەکەن.هەر ئەمڕۆ نەخۆشخانەی زاخۆ و پێشانگایەکی نێودەوڵەتی و بەشی دووی کۆڕنیشی زاخۆ کە یەکێک جوانترین جێیەکانی هەرێمی کوردستانە دەکرێنەوە."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە: "پێشکەوتن و گۆرانکاریی گەورە لە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە. ئەو سیستەمی پەروەردەیەی دەستی پێ کردووە، دەستکەوتێکی مێژووییەیە کە زۆر داتای خوێندن بۆ مامۆستایان و کارمەندان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە ئاسانی لەبەر دەستن و دەتوانن بڕیاری زانستی بۆ لایەنی خوێندنی قوتابخانەی خۆیان بدەن. پلانیشمان هەیە بۆ تێکەڵکردنی قوتابییان بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە سیستەمی پەروەردە کە ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە کە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نموونەیییە".

ئاماژەی بەوەش کرد هەوڵ دراوە قوتابخانەی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکرێت و بۆ ئەمساڵی خوێندن زیاتر لە 200 قوتابخانە دروست کراون و 2000 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە. حکوومەتیش لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت بۆ دابینکردنی قوتابخانە و ناوەندی پەروەردەی زیاتر و هاوکاریکردنی قوتابییان و مامۆستایان.

سەرۆکوەزیرانی کوردستان داوای لە مامۆستایان و دایک و باوکان کرد بابەتی نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی ببێتە بەشێکی زۆر گرینگ لە سیستەمی پەروەردە لە هەر قوتابخانە و لە هەر ماڵێکدا. جەختیشی کردەوە پێویستە مامۆستایان، قوتابییان لە لە گرینگیی ژینگەپارێزی و نیشتمانپەروەری تێبگەیەنن. گوتیشێ خەونی گەورەترمان هەیە بۆ ئەوەی وڵاتی ئێمە و سیستەمی پەروەردەی ئێمە بەرەو پێشکەوتن بچێت.

بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵی خوێندن، 143 هەزار و 547 منداڵ لە پۆلی یەکی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراون.

بە گشتی لە هەرێمی کوردستان  لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا، ملیۆنێک و 805 هەزار و 174 قوتابی هەن، 161 هەزار و 522 مامۆستا لە هەموو قۆناغەکان وانە دەڵێنەوە، هەروەها 7 هەزار و 567 قوتابخانە بەردەستن و 22 ملیۆن و هەزار و 74 کتێبی خوێندنیش بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دابین کراون.

لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم، گرنگییەکی زۆر بە ژێرخانی پەروەردە دراوە، بەجۆرێک 214 قوتابخانە دروست کراون و پرۆژەی 43 قوتابخانە و باخچەش لە جێبەجێکردندان، 2 هەزار و 114 قوتابخانەش نۆژەن کراونەتەوە. هەروەها زیاتر لە 33 هەزار منداڵی سەرشەقام خراونەتەوە بەر خوێندن. هاوکات ڕێژەی نەخوێندەواریش 8% کەم بووەتەوە.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.