ئەمڕۆ شەممە 9/20، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە شاری دهۆك بە ئامادەبوونی ئیندۆ ئەکیرا، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق، كۆگا و سەنتەری پشكنینی پێشوەختەی كۆمپانیای تۆیۆتای ژاپۆنی كردەوە.
لە گوتەیەکدا كە لە رێوڕەسمی كردنەوەی سەنتەرەکەدا، پێشكەشی كرد، مهسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت دەستخۆشی لە "سەردار گرووپ" کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو متمانەیە دەربڕی كە ژاپۆن بە هەرێمی كوردستانی كردووە و شارێكی كوردستانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی لێرەوە هەموو ئۆتۆمبێلەکانی ژاپۆنی كە دەهێنرێنە عێراق پشکنینیان بۆ بکرێت و لێرەوە بۆ شارەكانی دیکە هەناردە بكرێن.
ههر له رێوڕهسمهكهدا، سەرۆکی حکوومەت پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دووپات كردەوە و گوتیشی ئەم پرۆژە بازرگانییه بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و یارمەتیدانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كە ئەوانیش بتوانن زیاتر فێری كارەكانی لەم جۆرە بن.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها گوتی: دڵخۆشبووم كە بینیم بەشێك لەو كارمەندانەی لێرە كار دەكەن، خەڵكی ئێرەن و فێری كاری پیشەیی دەبن، نەك تەنیا ئۆتۆمبێلەكان لێرە هاوردە و هەناردە دەكرێن، بەڵكوو لێرە بە شێوەیەكی زۆر باش لە كۆنترۆلی جۆری كە لێرە دەكرێت بە ستانداردێكی ژاپۆنی و بەشێك لە پارچەكانی ئەو ئۆتۆمبێلانەش لێرەوە دەبەسترێنەوە، ئەمە هەمووی دروستكردنی هەلی كارە و شارەزاییی زیاتر دێنێتە ناو وڵات و خەڵكی ئێمە فێری كاری باشتر دەبن.
له دوماهیدا، سهرۆكی حكوومهت رایگهیاند : هیوادارم لەمەش زیاتر كاری پیشەییی لەم جۆرە دروست بكرێ و ئەم كۆمپانیایەش بتوانێت كاری زۆر لەمە گەورەتریش ئەنجام بدات.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.