بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان رایگەیاند، گەنجێک دوای وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگەی کەلار - باوەنوور گیانی لەدەستدا. هاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری رووداوەکە.
ئەمڕۆ شەممە 20ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگەی نێوان کەلار و ناحیەی باوەنوور، گەنجێک گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رووداوەکە لە نزیک گوندی تازەدێ روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری (فۆرد فیگۆ) کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.
هاتوچۆی گەرمیان دەڵێت، بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە لەدایکبووی ساڵی 1996ـە، گیانی لەدەستداوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەئێستادا تەرمی شۆفێرەکە لە پزیشکی دادی قەزای کەلارە و تیمەکانی هاتوچۆش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ زانینی هۆکاری وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.