Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 08:10

مەسرور بارزانی پڕۆژەی جووتسایدی شێخان-لالش دەکاتەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە 20ی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 11:00ی بەیانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ڕێگەی جووتسایدی شێخان-لالش لە پارێزگای دهۆک دەکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە پێشتر لە  21-ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی لە مەراسیمێکدا بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیەی دانابوو.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکیدا جەختی لەوە کردبووەوە کە بە تەواوبوونی پڕۆژەکانی ڕێگەی شێخان – لالش و هێتیت – باعەدرێ، گواستنەوە و هاتوچۆ لە ناوچەکەدا باشتر دەبێت و پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت.

مەسرور بارزانی ڕوونیشی کردبووەوە کە تەواوبوونی جووتسایدی شێخان – لالش ئاسانکارییەکی بەرچاو بۆ سەردانیکەرانی پەرستگای لالش و هاتوچۆی دانیشتووانی دەڤەرەکە دابین دەکات. هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی دەڤەری شێخان کرد، چونکە لە ڕووی "ئابووری، کشتوکاڵ، گەشتیاری و شوێنەوار"ەوە بایەخی زۆری هەیە.

وەک سەرۆکی حکوومەت گوتی: "دەڤەری شێخان نموونەیەکی ناوازەی پێکەوەژیانی کەلتوورییە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بەم کەلتوور و ڕۆحی یەکترقبووڵکردنە جوانین و سەرمان لە هەموو جیهان پێی بەرزە. بۆیە، هیچ درێغی ناکەین لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم دەڤەرە."

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیشی کردەوە: "ئێمە خزمەتکاری خەڵکی خۆمانین. هیوادارم خوای گەورە پشتیوانمان بێت و لە هەموو بارودۆخێکدا، بەردەوام دەبین لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاری و لەمپەرانەی بۆمان دروست کراون تا نەتوانین بەرنامەی خزمەتکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین. بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە و بە پشتیوانیی گەلە خۆڕاگرەکەمان، بەردەوام بووین و بەردەوامیش دەبین."

 

پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە بواری ڕێگاوباندا دەستکەوتی بەرچاوی تۆمار کردووە و لە کەرتەکانی دیکەشدا خزمەتی بە هاووڵاتییان گەیاندووە. بە گوێرەی داتاکانی  گوتەبێژی حکوومەت:

ڕێگاکانی دەرەوە: 2681 کیلۆمەتر ڕێگای دەرەوە نوێ کراونەتەوە یان دروستکراون کە تێچووەکەی گەیشتووەتە 1 تریلیۆن و 32 ملیار و 834 ملیۆن دینار.

ڕێگاکانی گوندەکان: 318 پڕۆژەی ڕێگای گوندەکان ئەنجامدراون، کە کۆی گشتیی درێژییان 317 کیلۆمەتر بووە.

ناوخۆی شارەکان: لە ناو شارەکانی هەرێمی کوردستان، 2168 پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ کراون، کە گوژمەکەی زیاتر لە 2 تریلیۆن و 40 ملیار دینار بووە.

کردنەوەی جووتسایدی شێخان-لالش، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگە، نیشاندەری پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمە بە گەشەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و ئاسانکردنی هاتوچۆی هاووڵاتییان. ئەم ڕێگایە بە تایبەتی گرنگییەکی زۆری بۆ سەردانیکەرانی پەرستگای لالش و دانیشتووانی دەڤەری شێخان دەبێت، هەروەها ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری، کشتوکاڵی، گەشتیاری و شوێنەواریی ناوچەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.