بەهۆی شەپۆلی بەهێزی خۆڵبارینەوە لە پارێزگاکانی سلێمانی و کەرکووک ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیانیان ڕوویان کردووەتە نەخۆشخانەکان. بەگوێرەی ئامارەکان 44 کەس لە سلێمانی و 84 کەس لە کەرکووک بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە گەیەندراونەتە ناوەندە تەندروستییەکان.
لە دوێنێوە 44 هاوڵاتی شاری سلێمانی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر. لەم ژمارەیە، 9 هاوڵاتی تا ئێستا لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە بۆ چارەسەری زیاتر و 35 هاوڵاتی دیکەش دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
هاوکات لە پارێزگای کەرکووکیش 84 کەس بەهۆی هەمان شەپۆلی خۆڵبارینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون. زۆربەی ئەو حاڵەتانەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، کێشەی هەناسەدانیان هەبووە و پێویستیان بە ئۆکسجین و چارەسەری تایبەت بووە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی چەند ڕێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە بۆ خۆپاراستن لە خۆڵبارین:
- لەکاتی چوونەدەرەوەدا ماسک بەکاربهێنن و زوو زوو بیگۆڕن.
- لەکاتی خۆڵباریندا لە ماڵەوە بمێننەوە و مەچنە دەرەوە.
- چاویلکە و قەترەی چاو بەکاربهێنن بۆ پاراستنی چاوەکانتان.
- چاوەکانتان بشۆن لەبری خوراندنیان.
- بەباشی دەرگا و پەنجەرەی ماڵەکەتان دابخەن.
- لەکاتی خۆڵباریندا و لە پلەی گەرمی بەرزدا بڕێکی باش ئاو بخۆنەوە.
- لەکاتی شۆفێریدا جامەکانی ئۆتۆمبێلەکەتان دابخەن.
- ئەوانەی نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە، بە بەردەوامی پەمپی ئۆکسجین هەڵبگرن و لەژێر ڕێنمایی پزیشکیدا چارەسەر وەربگرن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.