ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاگربەستی خێرا و هەمیشەیی لە غەززە و ئازادیی بارمتەکانی ڤیتۆ کرد. ئەمە شەشەم بڕیارنامەی تایبەت بە ئاگربەست لە غەززەیە کە ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایش ڤیتۆی کردووە.
لە 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان 14 ئەندام دەنگی بەڵێیان بە بڕیارنامەکە دا.
ئەم بڕیارنامەکە کە لە لایەن 10 ئەندامی هەڵبژێراوی ئەنجومەنی ئاسایشەوە ئامادە کرابوو، دۆخی مرۆڤیی غەززەی بە کارەساتبار ناو بردبوو و داوای لە ئیسرائیل کردبوو، ڕێگا بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە زیاتر لە 2 ملیۆن فەلەستینی بدات.
بڕیارنامەکە هەروەها داوای ئازادکردنی خێرا و بەبێ مەرجی هەموو ئەو بارمتانەی کردبوو کە لە لایەن حەماس و گرووپە فەلەستینییەکانی دیکەوە بە دیل گیراون.
مۆرگان ئۆرتێگاس، دیپلۆماتکاری ئەمریکای بەر لە دەنگدان لەسەر بڕیارنامەکە رایگەیاند: "ئەو دەقە نەیتوانیوە حەماس ئیدانە بکات یا مافی ئیسرئایل بۆ بەرگریکردن لە خۆی بە فەرمی بناسێت. شەرعییەتیشی بە کردەوەکانی حەماس داوە".
ڤیتۆکرانی ئەو بڕیارنامەیە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە تانکەکانی ئیسرائیل لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی سوپای ئەم وڵاتە بۆ کۆنترۆڵی تەواوی شاری غەززە، لە دوو ئاراستەوە بەرەو ناوەندی شارەکە پێشڕەواییان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.