ئیمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بە کەناڵ 12ی ئیسرائیلی راگەیاند، بە دڵنیاییەوە میکانیزمی سناپ بەک بۆ گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران چالاک دەبێت و ئەم بڕیارەش لە لایەن هەموو ئەو وڵاتانەی پشتیوانی لەم بڕیارە دەکەن، بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
ماکرۆن گوتیشی: "ئێمە هیچ کات مەترسیی بۆمبی ئەتۆم لە ئێران بە کەم ناگرین و هەروەها مەترسیی مووشەکە بالستییەکانی ئەم وڵاتە و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە بە هەند وەردەگرین".
سەرۆککۆماری فەڕەنسا گوتیشی ئێرانییە شەفاف نین و هیچ پابەندییەکی ڕوون لەم بارەیەوە نادەن.
میکانیزمی سناپ بەک کە رێککەوتننامەی ئەتۆمیدا پێشبینی کراوە، دەسەڵاتی ئەوە بە هەر کام لە وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەکە دەدات، لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بەم ڕێککەوتننامەیە، سەرجەم ئەو گەمارۆ نێودەوڵەتییانەی لە ئەنجامی ڕێککەوتنەکەدا و بە بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر ئێران لادرابوون بگەڕێننەوە سەر ئەم وڵاتە.
سێ وڵاتی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەڕەنسا داوای چالاککردنەوەی ئەم میکانیزمەیان کردووە و تا کۆتایی مانگی ئەیلوول دەرفەتیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.