وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ دووشەممە مەرجەكانی راگرتنی جەنگی لە كەرتی غەزە ئاشكرا كرد.
ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: جەنگی غەزە كاتێك رادەگیرێت كە سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكرێن و ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە تەرمەكانیان رادەست بكرێت.
گوتیشی: ئەگەر ئەمە نەكرێت، بزووتنەوەی حەماس هەر وەكو خۆی وەك گرووپێكی چەكدار دەمێنێتەوە و دەبێتە هەڕەشە بۆ تەواوی كەرتی غەزە.
ماركۆ رۆبیۆ هەروەها گوتی: ئەگەر ئەم مەرجانە بۆ راگرتنی جەنگ بە رێگەی دیپلۆماسی بەدەست نەیەت، ئەوا دەبێت بە ڕێگەی سەربازی دەستەبەر بكرێن.
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل هەفتەی رابردوو جارێكی دیكە داوای لە دانیشتووانی غەزە كردبوو شارەكە جێبهێڵن بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەن رۆژێك پێش ئێستا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تروس) بڵاوی كردبووەوە: بە ئازادكردنی بارمتەكان، جەنگ رادەگیرێت و لە دوای ئەویش هەموو شتێك كۆتایی پێدێت.
بەگوێرەی دوایین ئامار و داتاكانی وەزارەتی تەندروستی لە غەزە، لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین، زیاتر لە 63 هەزار كەس لە غەزە كوژراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.