رۆژنامەی جروزاڵم پۆستی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاند ڕێکخراوی هەواڵگریی ئیسرائیل (مووساد)، زانیاریی تەواوی لەسەر شوێنی ڕاگرتنی 400 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران هەیە.
ڕۆژی دووشەممە 15ـی ئەیلوولی 2025، رۆژنامەی جروزاڵم پۆست لە راپۆرتێکدا بە ئاماژەکردن بەوەی موساد زانیاریی هەواڵگریی تەواوی لەسەر پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئێران هەیە ڕایگەیاندووە ئاستی زانیارییەکانی مووساد بە ڕادەیەکە کە ئەگەر حکوومەتی ئێران بەنیاز بێت لەم یۆرانیۆمە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم کەڵک وەربگرێت، ئیسرائیل بە خێرایی کاردانەوە و دەستوەردانی دەبێت.
بە پێی ئەم راپۆرتە، مووساد تا ئەو کاتەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بگەڕێنەوە ئێران و چاودێرییان لەسەر پاشەکەوتی یۆرانیۆمی ئەم وڵاتە هەبێت، بە وردی کار لەسەر ئەم پرسە دەکات.
ئیسرائیل لە شەڕی دوازدە ڕۆژەدا جیا لەوەی دەیان ژێرخانی ئەتۆمیی ئێرانی وێران کرد، بە هاوکاریی ئەمریکا هێرشی کردە سەر سێ بنکەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران لە نەتەزن، فۆردۆ و ئیسفەهان.
لە دوای شەڕەکە ڕاگەیاندرا زیاتر لە 400 کیلۆگڕام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی 60٪ پیتێنراوی ئێران لەم هێرشانەدا لەناو نەچووە و دیار نییە لە کوێ ڕاگیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.