سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند لە پاش دەستپێکردنی هێرشەکانیان لە هەفتەی رابردوودا، زیاتر لە 250 هەزار فەلەستینی شاری غەزەیان جێهێشتووە و بەرەو باشووری کەرتی غەززە ڕۆیشتوون.
ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی عەرەبزمانی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیی بە پێی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە یەک لەسەر چواری دانیشتووانی غەززە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ئەم شارەیان جێهێشتووە.
ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو نزیک یەک ملیۆن فەلەستینی لە شاری غەززە و ناوچەکانی دەوروبەری دەژین.
سوپای ئیسرائیل حەفتەی ڕابردوو دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر باڵەخانەیەکی بەرز لە ناو شاری غەززە، بە بڵاو کردنەوەی ئاگادارینامەیەک لە ناو ئەم شارە داوای لە دانیشتووانی ڕۆژئاوای غەززە کرد ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. سوپای ئیسرائیل هۆشداریی دابوو زۆر بە قورسی خەریکی ئۆپەراسیۆنە و سوورە لەسەر ئەوەی حەماس بە تەواوی تێک بشکێنێت و لەناوی ببات. هەر بۆیەش دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەبێ لە ڕێگای شەقامی ڕەشیدەوە خۆیان بگەیننە باشووری کەرتی غەززە.
حەماس ڕایگەیاندووە ئیسرائیل 350 هەزار کەسی لە ڕۆژهەڵاتی غەززەوە بەرەو ناوەند و ڕۆژئاوای ئەم شارە ئاوارە کردووە. ئاماژەی بەوەش کردووە سوپای ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی، 1600 باڵەخانە و 133 هەزار خێمەی لە ناو شاری غەززەدا لەناو بردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.