کیم یۆ جۆنگ، خوشکی رێبەری کۆریای باکوور، هۆشداریی دایە ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن و رایگەیاند، مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانیان دەرئەنجامی نەرێنیی بۆ هەرسێ وڵات دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2025، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، هۆشداریی دا کە مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن، دەتوانێت ببێتە هۆی دەرئەنجامی نەرێنی بۆ هەرسێ وڵات.
پێشتر سوپای کۆریای باشوور رایگەیاندبوو، هەریەک لە کۆریای باشوور، ژاپۆن و ئەمریکا، لە 15ـی ئەیلوولەوە مانۆڕی بەرگریی ساڵانەیان بە ناوی "لێواری ئازادی" (Freedom Edge) دەست پێ دەکەن، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، دەریایی و ئەلیکترۆنی دژی هەڕەشە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆریای باکوور.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور لە زاری کیم یۆ جۆنگەوە بڵاوی کردەوە: "ئەمە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە نمایشی هێزی بێباکانە لەلایەن ئەمریکا، ژاپۆن و کۆریای باشوورەوە لە شوێنی هەڵەدا، واتە لە دەوروبەری کۆماری دیموکراتیی گەلی کۆریا، بێگومان دەرئەنجامی نەرێنی بۆیان دەبێت".
میدیاکانی کۆریای باشوور ئاماژە بەوەش دەکەن، سیئۆل و واشنتن پلانیان هەیە ئەم هەفتەیە مانۆڕی (Iron Mace) ئەنجام بدەن، کە بریتییە لە راهێنان لەسەر تێکەڵکردنی توانای کلاسیکی و ئەتۆمیی هەردوو وڵات دژی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور.
پیۆنگیانگ بەردەوام رەخنە لەم مانۆڕە هاوبەشانە دەگرێت و بە راهێنان بۆ داگیرکاری ناویان دەبات و هەندێک جاریش بە تاقیکردنەوەی چەک وەڵامی داونەتەوە. لە بەرامبەردا، سیئۆل و واشنتن جەخت دەکەنەوە کە مانۆڕە سەربازییەکان تەنیا بەرگریکارانەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.