Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 10:03

سەرۆک بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناغەکانی تری خەباتی گەلی کوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە

کوردستان TV
100%

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا شۆرشی ئەیلوولی وەک لاپەڕەیەکی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و گەورەترین شۆڕشی سیاسی و چەکداری و جەماوەریی کوردستان ناوبرد کە بۆ قۆناغەکانی تری خەباتی گەلی کوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی یادی 64 ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ڕایگەیاند: "ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا بناخەیەکی پتەوی بۆ تێکۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و گشت چینوتوێژەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوا و مافەکانی خەڵکی کوردستان".

 

دەقی پەیامی سەرۆک بارزانی لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوول

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی ئەیلوول لاپەڕەیەکی زێڕینی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و گەورەترین شۆڕشی سەرتاسەریی سیاسی و چەکداری و جەماوەریی کوردستان بوو کە هانی خەڵکی کوردستانی دا بە هێز و بڕوابەخۆبوونەوە بەرەو ئامانجی نوێ و ئاسۆیەکی بەرفراوان هەنگاو بنێن و لە ئەنجامدا دۆزی گەلی کوردستان قۆناغی گەورە ببڕێت.

 ئەم شۆڕشە بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا بناخەیەکی پتەوی بۆ تێکۆشان و خەباتی هاوبەشی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان و گشت چینوتوێژەکان و پێکهاتەکانی کوردستان دانا، ئەویش لەپێناو بەرگریکردن لە دۆزی ڕەوا و مافەکانی خەڵکی کوردستان.

شۆڕشی ئەیلوول بۆ قۆناغەکانی تری خەباتی گەلی کوردستانیش سەرچاوەی هێز و ئیلهام بووە و، ئەزموون و دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە مەزنە بۆ هەمیشە بەرچاوڕوونی دەداتە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان.

لە یادی شەست و چوار ساڵەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولدا دەستخۆشی و پێزانینم بۆ هەموو ئەو کادیر و پێشمەرگە و خەباتگێڕانە هەیە کە بە پێداگری و بوێری و ماندوویەتیی خۆیان مێژوو و شانازییان بۆ گەلەکەیان تۆمار کردووە. هەر لەم یادەدا هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان دەنێرین.

 

مسعود بارزانی

11ـی ئەیلوولی 2025

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.