دوای ئەوەی دوێنێ لە چالاکییەک لە ویلایەتی یۆتا چارلی کیرک تەقەی لێ کرا و بریندار کرا ئەمڕۆ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا مردنی ئەو کەسایەتییەی راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیال" مردنی چالاکوانی راستڕەو و هاورێی نزیکی خۆی "چارلی کیرک"ی راگەیاند و گوتی چارلی ئەفسانە بوو؛ بڕیاریشی دا بۆماوەی هەفتەیەک ئاڵای ئەمریکا دابگیرێت.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ترەمپ قسەکانی "چەپی ڕادیکاڵ"ی بەهۆکاری تیرۆرکردنی چارلی کیرک زانی کە هاوپەیمانێکی نزیکی بوو و کەسایەتییەکی ڕاستڕەوی کاریگەر بوو. ترەمپ کیرکی بە "شەهیدی ڕاستی و ئازادی" ناوزەد کرد و ڕایگەیاند چەپی ڕادیکاڵ ساڵانێکە کەسایەتییە ئەمریکییە گەورەکانی وەک کیرک بە نازییەکان و خراپترین تاوانباران دەچوێنێت. ئەو ئەم قسانەی بە بەرپرسیار لە توندوتیژییەکانی ئەمڕۆ دانا و داوای وەستاندنی دەستبەجێی کرد.
ترەمپ هەروەها بەڵێنی دا کارگێڕییەکەی بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو کەسانە دەکات کە لەم تاوانەدا بەشدار بوون و فەرمانی دا ئاڵاکانی ئەمریکا بۆ ماوەی هەفتەیەک وەک ماتەمینی بۆ چارلی کیرک دابگیرێن.
کیرک لە ساڵی 2012 ڕێکخراوی "تورنینگ پۆینت ئەمریکا"ی دامەزراندووە، کە لە زانکۆکاندا بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکە ڕاستڕەوەکان و دژایەتیکردنی ڕەوتە لیبراڵەکان کار دەکات، ئەو یەکێک بوو لە گەورەترین پشتگیریکارانی ترەمپ و بە هەڵوێستە بەهێزەکانی لە پشتگیریی ئیسرائیل ناسراو بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.