ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فەرەنسا، سـباستـیان لیکۆرنو وەزیری بەرگریی وڵاتەكەی دیاری كرد بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا، لیکۆرنو پێشتر سەردانی هەولێری كردووە.
كۆشكی سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا بڵاوی كردەوە: ئیمانوێل ماكڕۆن بڕیاریداوە سـباستـیان لیکۆرنو وەزیری بەرگری بكات بە سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا.
لیکۆرنو لە تەمووزی 2023 سەردانی هەولێری كردبوو و لەگەڵ سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كۆببووەوە.
ئەمە لەكاتێكیدایە كە دوێنێ دووشەممە پەرلەمانی فەرەنسا متمانەی لە فرانسوا بایرۆ سەرۆك وەزیران سەندەوە، دوای تێپەڕبوونی تەنیا 9 مانگ لە دەستبەكاربوونی.
پەرلەمانی فەرەنسا بە كۆی 364 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 194 دەنگی نەخێر، متمانەی لە بایرۆ سەندەوە، هەروەها 25 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدابوو.
دوورخستنەوەی سەرۆك وەزیرانی فەرەنسا بەهۆی ئەوە بوو كە داوای کەمکردنەوەی 44 ملیار یۆڕۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەرزە گشتییەکانی سەر وڵاتەکەی کردبوو، بەڵام پارتە چەپ و راستەکان دژی داواکەی بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.