ئاگر لە سنووری سیتەک کەوتەوە و بە هۆیەوە 600 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی خۆڕسک سووتاوە، پۆلیسی دارستانی سلێمانیش دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و ڵێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەین.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوولی 2025، بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە، لە سنووری ناحیەی سیتەک لە گوندەکانی "تەگەران و بازەگیر" ئاگرێک کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە 600 دۆنم پوش و پاوان و دارستانی خۆڕسک سووتاوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دەڵێت، مەفرەزەیەک لە بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک بە هاوکاری و هەماهەنگیی کارمەندانی پۆلیسی دارستانی شارباژێر و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی چوارتا و سیتەک و سلێمانی و هاوکاریی خەڵکی گوندەکان توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
بەگوێرەی دەرئەنجامە سەرەتاییەکان و پێشبینییەکانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، نزیکەی 600 دۆنم لە پوش و پاوان و دارستانی خۆڕسک سووتاوە.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری ئاگرکەوتنەوکە دیار نییە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی ئاگرەکە بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.