ئێوارەی ئەمڕۆ مانگگیرانی تەواو روو دەدات و لە کوردستان و عێراق و تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینرێت.
ڕێبەر رۆستەم، سەرۆکی سەنتەری کوردستان بۆ ئەستێرەناسی بە کوردستان تیڤیی راگەیاند ئێوارە ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلوول لە کاتژمێر 6:28ی ئێوارە، مانگ داخڵی ناوچەی نیمچە سێبەری زەوی دەبێت و مانگگیرانی نیمچە سێبەر دەست پێ دەکات. لە کاتژمێر 7:28ی ئێوارە مانگ داخڵی ناوچەی سێبەری زەوی دەبێت و مانگگیرانی سێبەر روو دەدات. دواتر لە کاتژمێر 8:30 مانگگیرانی تەواو روو دەدات و لە کاتژمێر 9:10 لە بەرزترین ئاستدا دەبێت.
رێبەر رۆستەم گوتیشی کاتژمێر 9:50 وردە وردە مانگگیرانە تەواوەکە کۆتایی پێ دێت و لە کاتژمێر 11ی شەو مانگگیرانی سێبەر کۆتایی دێت. ئاماژەی بەوەش کرد تەواوی پرۆسەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی 5 کاتژمێر و نیو دەخایەنێت و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا و بەشێک لە ئوسترالیا دەیبینن.
ئەم دیاردەیە لە کاتێکدا روو دەدات کە مانگ و خۆر و زەوی بکەونە سەر یەک هێڵ و زەوی بکەوێتە نێوان مانگ و خۆر. دیاردەکە هیچ زیانێکی بۆ چاو نییە و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسایی سەیری بکەن و وەک خۆرگیران نییە کە کاریگەریی نەرێنی و خراپ لەسەر چاو دروست دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.