تیمەکانی تەندروستی لە موسڵ دەستیان بەسەر 10 تۆن مریشکی بەسەرچوودا گرت و دەڵێن ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت تاوەکو هیچ خواردنێکی ماوە بەسەرچوو بڵاو نەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، تیمەکانی تەندروستی سەر بە بەشی چاودێری تەندروستی لە بەشی چەپی شاری موسڵ، پشکنینیان بۆ ژمارەیەک ناوچەی وەک جەزائیر، بازاڕی پێغەمبەر یونس، نوور، شەهیدان، و بەکر ئەنجامدا و ئەمەش وەک بەشێک لە هەڵمەتێک بۆ بەدواداچوونی پابەندبوون بە مەرجە تەندروستییەکان و پێداویستییەکانی سەلامەتی پیشەیی.
هەڵمەتەکە بە هاوکاری لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە بڕی 10 تۆن مریشکی بەسەرچوو و گۆڕاو دەستی بەسەردا گیراوە، کە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەکرد.
ئەو ماددە دەستبەسەرداگیراوانە بە فەرمی و بە ئامادەبوونی خاوەنی دوکانەکە دەستیان بەسەردا گیراوە، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی کە دەستکاری نەکات تاوەکو بەپێی ڕێکارە فەرمییەکان لە یەکەی قڕکردنی تەندروستی سەر بە شارەوانی موسڵ لەناو دەبرێن.
هەروەها، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکارەکە گیراوەتەبەر و بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت، جەختیش لەوە کراوەتەوە کە هەڵمەتەکان بەردەوام دەبن بۆ کەمکردنەوەی بازرگانیکردن بەو ماددە خۆراکیانەی کە بۆ خواردنی مرۆڤ ناگونجێن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هاووڵاتییان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.