ئەمڕۆ هەینی، 5ـی ئەیلوولی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژمارەیەک لە پێشمەرگە قارەمانەکانی شەڕی دژ بە داعش، لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، پارکێک بە ناوی "رێگەی پێشمەرگە" کرایەوە.
ئەم پارکە کە بە سەرپەرشتی سەرۆکی شارەوانی پاریس، خاتوو هیداڵگۆ، رێکخراوە، رێزلێنانێکە بۆ رۆڵی بێوێنەی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی گەورەترین گرووپی تیرۆریستی لە جیهاندا.
کردنەوەی ئەم پارکە لە پاریس، پەیامێکی گرنگی جیهانییە بۆ ناساندنی قوربانیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە کە لە بری هەموو جیهان، رووبەڕووی مەترسییەکانی داعش بوونەوە. ئەمەش جەخت لەسەر ئەو راستییە دەکاتەوە کە پێشمەرگە هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا، بە خوێنی خۆی خاکی کوردستان و بەها مرۆییەکانی پاراستووە.
سەرۆک بارزانی، کە هەمیشە پێشەنگ و پشتیوانی پێشمەرگە بووە، ژمارەیەک لەو پێشمەرگە قارەمانانەی لەسەر هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان میوانداری کردبوو کە رۆڵیان لە شەڕی دژ بە داعشدا بینیوە، ئەمەش دووپاتکەرەوەی یەکڕیزی و برایەتی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانە، چونکە پێشمەرگە مەسیحی و ئێزیدی و موسڵمان، برایانە شان بە شانی یەکتر خەباتیان کردووە و بەرگرییان لە خاک و نیشتمان کردووە.
لەم مەراسیمەدا سەرۆک بارزانی و ژمارەیەک لە پێشمەرگە قارەمانەکان ئامادەبوون، لە نێو میوانەکاندا، سێ میوانی پێشمەرگە کە دوانیان ئافرەتی ئازا لە پێکهاتەی مەسیحی و ئێزیدی ئامادەبوون لەگەڵ یەکێک لەو پیاوانەی کە بەهۆی بەشداریکردنی لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بووە.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.