دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێ ڕێگریکردن لە وڵامدانەوەی قوتابییان بە زمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، بە تایبەت بۆ قوتابییانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی تاقیکردنەوەی وەزارین هەر بەردەوامە.
ڕۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕایگەیاند: دوای دەرچوونی نووسراوی ژمارە (8298) لە 16/7/2025ی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کە ڕێگری ئەکات لە وەڵامدانەوەی قوتابیان بەزمانی کوردی لە تاقیکردنەوەکان، ئەوکات و دوای هەوڵەکان وەها ڕاگەیەندرا کە کێشەکە چارەسەرکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەو کێشەیە کە خەرقێکی ڕوونی مادە چواری دەستووری عێراقە، هێشتا چارەسەر نەکراوە و ڕێگرییەکان وەک خۆیان ماون، بەتایبەتی بۆ قوتابییانی بەشی یاسا و ئەو وانانەی تاقیکردنەوەی وەزارین.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان جەختیشی کردووەتەوە: بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەی مادە چواری دەستوور و کێشەی قوتابییانی کورد چارەسەر بکرێت و ئاریشەکانی بەردەم زمانی کوردی وەک دووەم گەورەترین زمانی بەکارهاتوو لاببرێن.
داواشی لە لە کاربەدەستە کوردەکان کردووە" لە بەغدا هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێت قوتابییان بە زمانی شیرینی دایک وەڵام بدەنەوە و وەرگێڕی پێویستیش بۆ ڕوونکردنەوەوی وانەکان دابین بکرێت".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە: لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکەدا دەستەی ناوچە کوردستانیەکان ڕایانگەیاند "بڕیار پێویستە بەبڕیار هەڵبووەشێتەوە نەک بە گفتوگۆی زارەکی". جەختیش کراوەتەوە "عێراق و دەستوورەکەی موڵکی گەلانی عێراقە و لەم چوارچێوەیەشدا مافی ڕەوای خەڵکی کوردستانە شەڕی زەوتکردنی مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا ئەنجام بدات.
دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هۆشدارییشی داوە لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە و پابەند نەبوون بە مادەی چواری دەستوور و پێشێلکردنی، ڕێگای دادگای فیدڕاڵی دەگرینەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.