ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پارکی سەرهەڵدان بەم نزیکانە دەکرێتەوە، ئەم پارکە یەکێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەکانی شاری دهۆکه و ئێستا نزیکەی 98%ی کارەکانی تەواو بووە.
ئەم پارکە کە بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار دروست کراوە، بە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی گەشتیاری و ژینگەیی شاری دهۆک دادەنرێت.
پارکی سەرهەڵدان لەسەر ڕووبەرێکی فراوانی 122 هەزار مەتردووجا دروست کراوە، کە 75%ی کۆی ڕووبەرەکەی بۆ سەوزایی و چاندنی هەزاران گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر تەرخان کراوە، ئەمەش سیمایەکی جوان و سەرنجڕاکێش بە دهۆك دەبەخشێت و وەک هەناسەیەکی سەوز بۆ دانیشتووانی پارێزگاكه خزمەت دەکات.
جگە لە ڕووبەرە سەوزاییە فراوانەکەی، پارکەکە چەندین خزمەتگوزاری و شوێنی کاتبەسەربردنی هەمەچەشن لەخۆدەگرێت، لەوانە:
- خواردنگە و کافتریا مۆدێرن.
- نافوورەی سەرنجڕاکێش و دیمەن جوان.
- مەیدانی ڕۆمانیی گەورە بۆ سازدانی بۆنە و چالاکییە جۆراوجۆرەکان.
- شوێنی تایبەت بە وەرزش و پیاسەکردن.
- یاریگهی سەلامەت و نوێ بۆ منداڵان.
- جێگای فراوان بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل.
دروستکردنی پارکی سەرهەڵدان نەک تەنها سیمایەکی شارستانی و جوان بە دهۆک دەبەخشێت، بەڵکو بەشێکی گرنگیش دەبێت لە باشترکردنی ژینگەی شارەکە و بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری لە پارێزگاکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.