پۆلیسی سۆران رایگەیاند، دوو کەسیان دەستگیرکردووە کە ماڵێکیان بۆ کاری لەشفرۆشی بەکارهێناوە. بە گوتەی پۆلیس، خاوەن ماڵەکە چەندین ئافرەتی لە دەرەوەی شارەکەوە هێناوە و لە بەرامبەر پارەدا کاری لەشفرۆشیی پێ کردوون.
رۆژی سێشەممە 2ـی ئەیلوولی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند کە تۆمەتبارن بەوەی ماڵێکیان بۆ کاری لەشفرۆشی بەکارهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ماڵێک لە گەڕەکێکی شاری سۆران کە گومانی لێ دەکرا بۆ کاری نایاسایی بەکاربهێندرێت، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سۆران دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە.
پۆلیس دەڵێت، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوشاری سۆران، دەرکەوتووە کە خاوەن ماڵەکە چەندین ئافرەتی لە دەرەوەی شاری سۆران هێناوەتە ماڵەکەی و کاری لەشفرۆشییان پێ ئەنجامداوە لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا.
لە ڕاگەیێندراوەکەی پۆلیسی سۆران دا هاتووە، بە فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ط. م. ف) و (ز. ج. ح) دەستگیرکران.
پۆلیسی سۆران ئاماژەی بەوەش کردووە، تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی 3 و 4 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی راگیراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.