وەزارەتی بازرگانی حكوومهتی عێراق رایگهیاند: بهم نزیكانه خزمەتگوزاری سڕینەوە و زیادکردن له كارتی ئهلیكترۆنیی خۆراك كارا دهبێت،هاوکات ئاماژەی بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی كردووه دژی ئەوانەی ساختەکاری دەکەن یان دوو جار ناویان له فۆڕمی ئهلیكترۆنیی خۆراك تۆماركردووه.
محەمەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی راگەیاندووه: "وەزارەتی بازرگانی لە قۆناغی تەواوکردنی رێوشوێنە هونەری و کارگێڕییەکانی تایبەت بە نوێکردنەوەی سیستەمی کارتی خۆراکی دایە.
راشیگهیاندووه: "پلانێک دانراوە بۆ راگەیاندنی خزمەتگوزاری سڕینەوە و زیادکردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە ماوەیەکی کەمدا، بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان و دڵنیابوون لە وردبینی داتا."
محەمەد حەنوون گوتیشی: پرۆسەی نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنی کارتی خۆراک دەرخەری بوونی چەند حاڵەتێکی سنووردار بوو لە ساختەکاری و هەوڵی دووبارە تۆمارکردنی سوودمەندان، جەختیشی کردەوە کە وەزارەت رێوشوێنی یاسایی دژی سەرپێچیکاران گرتووەتەبەر.
گوتهبێژی وهزارهتی بازرگانی عێراق روونیشی کردەوە: "نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتیدەر بووە لە بەهێزکردنی شەفافیەت و دڵنیابوون لە گەیشتنی پێداویستییەکانی خۆراک بە خێزانی شایستە له تهواوی عێراقدا".
ئاماژەی بەوەشدا: "زیاتر لە دوو ملیۆن و 750 هەزار هاووڵاتی دابینکردنی خۆراکیان راگیراوە بە هۆکاری جیاواز، ئهوهش لە رێگەی وردبینی و رێوشوێنەکانی ناو ئەپلیکەیشنەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.