ئەمریکا ڤیزا بە سەرۆکی فەڵەستین و80 بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە نادات بۆ بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک.
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند: بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیزە بە مەحموود عەباس، سەرۆکی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و 80 دیپلۆماتکاری فەلەستینی نادەین و دەڵێت؛ "بەرپرسانی فەلەستین هەوڵ بۆ ناساندنی یەکلایەنەی دەوڵەتێکی گریمانەیی فەلەستین دەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو هەوڵانەی بۆ ئاشتی لە غەزە خراونەتە گەڕ".
لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە، فەرەنسا و چەند وڵاتی دیکەی ئەوروپا بە فەرمی رایان گەیاند کە دان بە دەوڵەتی فەلەستین دەنێن، بەڵام ئەوە بووە هۆی ناڕەزایەتیی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەمریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ ئیسرائیل پێشاندا و هەوڵەکانی فەرەنسای بۆ بەفەرمی ناساندنی دەوڵەتی فەلەستین بە زیانی رێککەوتنی ئاشتی لە غەززە وەسف کرد.
ساڵانە کۆبوونەوەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک بەڕێوەدەچێت و بەپێی یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا دەبێت کارئاسانی لە پێدانی ڤیزە بۆ سەرۆک یان نوێنەری سەرجەم وڵاتانی ئەندام لەو رێکخراوەیە بکات.
نووسینگەی مەحموود عەباس پێنەدانی ڤیزا لەلایەن ئەمریکای بە "دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان" ناو برد و رایگەیاند؛ "فەلەستین ئەندامێکی چاودێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و پێویستە ئەمریکا ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.