Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 03:00

سێ وڵاتی ئەوروپا گەمارۆ نێودەوڵەتییە هەڵپەسێراوەکانی سەر ئێران چالاک دەکەنەوە

کوردستان TV
100%

سێ وڵاتی ئەوروپیی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، ئەمریکایان ئاگادار کردووەتەوە، ئەمرۆ پرۆسەی چالاککردنی میکانیسمی سناپ بەک بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەست پێ دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی ئابی 2025، سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی ئەکسیۆسیان ڕاگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكیتیی ئەوروپا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکایان ئاگادار کردووەتەوە کە بەنیازن ئەمڕۆ پڕۆسەی چالاککردنی میکانیسمی سناپ بەک، بۆ گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەست پێ بکەن.

ئەم میکانیسمە لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ساڵی 2015دا پێشبینی کراوە و ڕێگا بە واژۆکەرانی ڕێککەوتننامەکە دەدات، لە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە، لە پڕۆسەیەکدا، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی ئەنجومەنی ئاسایش کە لە ساڵی 2015وە لەسەر ئێران لادراون، بگەڕێننەوە سەر ئەم وڵاتە.

دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوو، ئەگەر ئەوروپا میکانیسمی سناپ بەک چالاک بکات، لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆم (ئێن پی تی) دەکشێنەوە.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە تەلەفزیۆنی فەرمیی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاندووە، لە ئەگەری چالاککردنی میکانیسمی سناپ بەک، ئێران پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەپچڕێنێت.

ڕۆژی سێشەممەی ئەم حەفتەیە دوو جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ جێگرانی وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، بریتانیا و ئەڵمانیا و نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە، لە ژنێڤ کۆبوونەوە بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێ دەسکەوت کۆتایی هات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئەکسیۆس، ڕێبەرانی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە پێیان وایە ئێران چەندین ساڵە بە ئاشکرا ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی پێشێل دەکات بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێکی جددی بۆ گۆڕانکاری لەم سیاسەتە بێتە ئاراوە.

ئەگەر ئەمڕۆ پڕۆسەی چالاککردنی سناپ بەک دەست پێ بکات، لە ماوەی 30 ڕۆژدا سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و 7 بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەگەڕێنەوە سەر ئێران. وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لە هەوڵدان تا بەر لە دەستپێکردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا لە ئەنجومەنی ئاسایش لە مانگی ئۆکتۆبەردا، پڕۆسەکە بگاتە ئەنجام.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.