Erbil 31°C دووشەممە 06 تەمووز 17:46

دانوستانی نێوان ئێران و ئەوروپا بە بێ دەسکەوت کۆتایی هات

کوردستان TV
100%

دانوستانی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە لە نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەوروپیی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کە بە ئامادەبوونی نوێنەری یەکێتیی ئەوروپا بەڕێوەچوو بەبێ هیچ دەسکەوتێک کۆتایی هات.

ئاژانسی ئەکسیوس ڕایگەیاند گفتوگۆکان کارەساتبار نەبوون بەڵام هیچ پێشکەوتنێکیش نەهاتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی شاندی ئێرانی هیچ پێشنیارێکی کردارییان سەبارەت بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نەبوو.

سێ وڵاتی ئەڵمانیا، بریتانیا و فەرەنسا کە ئەندامی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمین هۆشدارییان بە ئێران داوە ئەگەر تا ڕۆژی 9ی ئۆکتۆبەر لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەگاتە ڕێککەوتن یا دەستپێکردنی دانوستانێک کە دڵنیایی بداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، میکانیسمی سناپ بەک بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان چالاک دەکەنەوە.

بە پێی ئەم میکانیسمە، لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەتوانن تەنیا بە ناردنی نامەیەک بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، سەرجەم گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و 7 بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی ئێران چالاک بکەنەوە.

باراک راوید، پەیامنێری ئاژانسی ئەکسیوس لە شوێنی کۆبوونەوەکانەوە لە ژنێڤ ڕایگەیاند وڵاتانی ئەوروپا راپۆرتی کۆبوونەوەکە ڕادەستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان دەکەن تا لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک بڕیاری بدەن.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێڕان کە ئەندامی شاندی ئێران لە دانوستانەکانی ڕۆژی سێشەممە بوو، شەوی ڕابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند حکوومەتی ئێران هەر وا پابەندە بە ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و داواشی لە سێ وڵاتە ئەوروپییەکە و ئەنجومەنی ئاسایش کرد "هەڵبژاردنێکی دروستیان هەبێت و بوار و دەرفەت بە دیپلۆماسی بدەن".

کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ سێ وڵاتە ئەورووپییەکە چلە بواری یاسایی و چ لە بواری ئەخلاقییەوە مافی ئەوەیان نییە ئەم میکانیسمە چالاک بکەنەوە.

لە ئەگەری چالاککردنەوەی میکانیسمی سناپ بەک، جیا لە گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بریارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشیش چالاک دەبنەوە کە بە گوێرەی یەکێک لەو بڕیارنامانە، دۆسیەی ئێران دەخرێتە چوارچێوەی بەشی حەوتەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ ئەوەش ڕێگای دەستوەردانی سەربازی بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی ئێران بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.